ئومێد خۆشناو: كێشه‌ی شكانی بۆری ئیفرازی سێ به‌مزوانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • ئومێد خۆشناو: كێشه‌ی شكانی بۆری ئیفرازی سێ به‌مزوانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین

ئومێد خۆشناو: كێشه‌ی شكانی بۆری ئیفرازی سێ به‌مزوانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:43
ئومێد خۆشناو: كێشه‌ی شكانی بۆری ئیفرازی سێ به‌مزوانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین
0

لایک

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر(ئەربیل) رایگه‌یاند، هۆكاری سه‌ره‌كی به‌رده‌وامی شكانی بۆری ئیفرازی سێی هه‌ولێر به‌هۆی كۆنی بۆریه‌كه‌وه‌یه‌، له‌ئێستاشدا له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پاره‌ی پێویست ته‌رخانكراوه‌ و به‌مزوانه‌ ده‌ست به‌گۆڕینی بۆریه‌كه‌ ده‌كه‌ین.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌، “سه‌باره‌ت به‌ شكانی بۆڕی ئاوی ئیفرازی سێ كه‌ ماوه‌ ماوه‌ ده‌شكێت و ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌40% گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری هه‌ولێر بێ ئاو بن، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ له‌ ساڵی 2004 وه‌ له‌زێی گه‌وره‌ بۆ ناوشاری هه‌ولێر له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ ده‌ستیپێكراوه‌و ته‌واوی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ش له‌ئه‌ستۆی ئه‌وان دابوه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ڵبژاردنی جۆری بۆڕی ئاوه‌كه‌ش هه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ ده‌ستنیشانكراوه‌ كه‌ له‌جۆری (GRP)یه‌ واته‌ فاپیبه‌رگڵاس، ئه‌م جۆره‌ بۆڕییه‌ ماوه‌یه‌كی دیاریكراوی هه‌یه‌ بۆ كاركردن و له‌دوای به‌سه‌رچونی ماوه‌كه‌ی به‌رگه‌گرتنی نامێنێت و به‌بچوكترین به‌ركه‌وتن دوچاری شكان ده‌بێت، پڕۆژه‌ی ئاوی ئیفراز سێ كه‌ له‌ساڵی 2006 به‌بێ وه‌ستان تاكو ئه‌مڕۆ كارده‌كات دوای ئه‌م هه‌مو ساڵه‌ كاركردنی، هۆكاری سه‌ره‌كی شكانی یه‌ك له‌دوای یه‌كی بۆڕییه‌كه‌ی، به‌سه‌رچونی ماوه‌كه‌یه‌تی”.

راشیگه‌یاندووه‌، “دوای دواكاریمان له‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ گۆڕنی بۆڕیی ئاوی ئیفراز سێ كه‌ درێژییه‌كه‌ی 11 كیلۆمه‌تره‌، بودجه‌ی پێویست بۆی زیاتر له‌ 20 ملیار دیناری عێراقیه‌، له‌لایه‌ن مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌زامه‌ندیمان وه‌رگرتوه‌ بۆ گۆڕینی بۆڕییه‌كه‌، له‌م ڕۆژانه‌ش سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆخۆی به‌دواداچونی بۆ ئه‌م پرسه‌ كردوه‌ و له‌گه‌ڵمان له‌سه‌ر هێڵ بوه‌ و فه‌رمانی پێكردوین به‌په‌له‌ چاره‌سه‌ری ئه‌م گرفته‌ بكرێت و ده‌ستبكرێت به‌ پڕۆسه‌ی گۆڕینی بۆڕییه‌كه‌”.

ئومێد خۆشناو باسی له‌وه‌شكرد، “له‌هه‌فته‌ی ڕابردو له‌پارێزگای هه‌ولێر بۆ به‌دواچون و به‌په‌له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی شكانی بۆڕی ئاوی ئیفراز سێ لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمان پێكهێناوه‌، له‌ئێستاشدا وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌م ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردودا به‌هۆی پاڵه‌په‌ستۆی زۆری وێستگه‌كان بۆته‌ هۆی شكانی بۆڕییه‌كه‌ بۆ چه‌ندجارێك له‌سه‌ر یه‌ك، به‌بڕی پێنج ملیار دینار له‌منزیكانه‌ ده‌ستده‌كرێت به‌ گۆڕینی بۆڕییه‌كه‌، كه‌ چاره‌سه‌ری له‌ 85%ی كێشه‌كان له‌و شوێنه‌دایه‌”.

له‌په‌یامێكیشدا بۆ هاووڵاتیانی هه‌ولێر، ئومێد خۆشناو ده‌ڵێت، “دڵنیای هاوڵاتییان ده‌كه‌ینه‌وه‌، وه‌كو پارێزگای هه‌ولێر له‌پێناو نه‌هێڵان و چاره‌سه‌ركردنی یه‌كجاره‌كی ئه‌م كێشه‌یه‌، هه‌مو هه‌وڵێكی خۆمان خستۆته‌گه‌ڕ و پاڵپشتی و پشتیوانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمان له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ جارێكی دیكه‌ تكا و داواكاریمان له‌ هاوڵاتییانی شاره‌كه‌مان هه‌یه‌ سه‌ڕه‌رای ئه‌و گرفته‌ ته‌كنیكیانه‌ی كه‌ ڕۆژانه‌ ڕوبه‌ڕومان ده‌بێته‌وه‌ له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا وه‌ك پێشتر ڕامانگه‌یاندبو هاوینی ئه‌مساڵ له‌دۆخێكی سه‌ختی وشكه‌ساڵی داین، بۆیه‌ هاوكاربونی ئێوه‌ له‌به‌فیڕۆنه‌دان و كه‌م خه‌رجكردنی ئاو، هۆكارێكی سه‌ره‌كی ده‌بێت بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ و چاره‌سه‌ریه‌كان”.