وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، 19 سەربازیان لە ئەشکەوتێکى هەرێم بەر گازى میسان کەوتوون و پێنجیان شەهید بوون.
وەزارەتی بەرگری تورکیا، لەبارەى رووداوەکەوە راگەیەندراوێکى بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەى بەوەکردووە، رۆژی یەکشەممە، شەشی تەمموز، هێزەکانیان بەمەبەستی کێوماڵکردن و دۆزینەوەی تەرمی سەربازێکیان کە 28ـی ئایاری 2022 شەهید بووە، کێوماڵی ناوچەیەکەیان لە هەرێم کردووە و چوونەتە ئەشکەوتێک کە بە وتەی وەزارەتی بەرگری تورکیا، پێشتر لە دەستی رێكخراوی تیرۆریستی پەکەکە دەرهێنراوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگری تورکیا، لە کاتی چوونە ئەشکەوتەکە، 19 سەربازیان بەر گازی میسان کەوتوون و پێنج لە سەربازەکانیان پاش گەیاندنیان بە نەخۆشخانە شەهید بوون.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەشکەوتەکە پێشتر وەک نەخۆشخانە بەکارهێنراوە.