ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە لەلایەن رژێمی بەعسی رووخاو، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامەکەی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان:
ئەمڕۆ ١٦ی ئادار، ٣٤ ساڵ بەسەر یادی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجەدا تێدەپەڕێت، تاوانێکی کۆمەڵکوژی کە لەلایەن ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆرەوە دژ بە ھاوڵاتیانی بێ تاوانی ھەڵەبجە و لە دوا ساڵەکانی شەڕی عێراق- ئێران، شاری ھەڵەبجە بە چەکی کیمیایی و گازی سارین بۆمباران کرا، بۆ ئەم مەبەستە ئەمڕۆ لە شاروشارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان ئەو یادە بەرز رادەگیرێت.
لە ئەنجامی ئەو تاوانەدا، ٥ ھەزار کەس دەسبەجێ گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە ١٠ ھەزار کەسی تریش بریندار بوون، تا ئێستاش زۆرێک لە خەڵکی ئەو شارە بەدەست شوێنەواری کیمیابارانکردنی شارەکەیانەوە دەناڵێنن و تا ئێستا ژمارەیەک منداڵی بێسەروو شوێن نەدۆزراونەتەوە.
لەكۆتاییدا سەری ڕێزو وەفا بۆ شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجەو تەواوی شەهیدان دادەنەوێنین .
ئایدن مەعروف
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان
١٦-٣-٢٠٢٢