جێگری سەرۆکی لێژنەی گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، گەیشتوونە ئەنجامێک بۆ کەمکردنەوەی نرخی کارتی مۆبایل و دەشڵێت، لە زاخۆ تاکو فاو نرخی کارتی مۆبایل کەم دەکرێتەوە.
ئیبراھیم میرانی، جێگری سەرۆکی لێژنەی گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، “بڕیاری زیادکردنی نرخی کارتی مۆبایل لە کاتی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی دەرکرا، ئەوەش بارگرانیی لەسەر ھاووڵاتییانی عێراق دروستکردووە، لەبەر ئەوە ئێمە وەک لێژنەی گەیاندن دوو جار لەسەر ئەو پرسە کۆبوونەوەمان کردووە، تاکو ئالیەتێک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی ئەو نرخە زیادەی خراوەتەسەر کارتی مۆبایل لابەرین.
ئەوەش هاتووە، “لەگەڵ کۆمپانیاکانی گەیاندن و دەستەی باڵای گەیاندنی عێراق و وەزارەت کۆبوونەوەمان کردووە و بڕیار دراوە بە ھەموو لایەک ھاوکاربن بۆ ئەوەی نرخی کارتی مۆبایل کەم بکرێتەوە، ئەویش بە شێوەیەک ھەریەک لەو سێ دەزگایەی سەرەوە بەشێکی لا دەبەن بۆ کەمکردنەوەی نرخەکە”.
میرانی جەختی لەوەشکردەوە، کە کەمکردنەوەی نرخی کارتی مۆبایل ھەموو عێراق دەگرێتەوە بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، چونکە کۆمپانیاکانی گەیاندن مەرکەزین و سەر بە دەستەی باڵای گەیاندنی عێراقن و مۆڵەت لەوێ وەردەگرن و باج بە عێراق دەدەن، لەبەر ئەوەش چەند ھاوکارییان بکرێت لە بەغداوە کاریگەریی لەسەر ھەموو عێراق دەبێت”.