ئاگرێک لە ژمارەیەک دوکانی جلک فڕۆشی ناو بازاڕی داون تاون لە شاری ھەولێر کەوتەوە و دوای چەند کاتژمێرێک، توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، ، ئاگرێک لە ژمارەیەک دوکانی جلک فڕۆشی ناو بازاڕی داون تاون لە شاری ھەولێر کەوتەوە و دوای چەند کاتژمێرێک، توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت، وتەبێژی بەرگریی شارستانی ھەولێر، سەرکەوت کاڕەش رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی بازاڕەکە شوێنێکی داخراو بووە، ئاگرەکە بە سەختی کۆنتڕۆڵکرا.
وتەبێژی بەرگری شارستانی ھەولێر، سەرکەوت کاڕەش لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند، ”دوای ئاگادارکردنەوەمان بە کەوتنەوەی ئاگر لە ناو بازاڕی داون تاون، تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، بینیمان ئاگرەکە لەدووکانێکی جلک کەوتۆتەوە، ھەموو شوێنەکەش داخراوە تەشەنەی کرد، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکرا و ھیچ مەترسییەکی نەما”.
لە رووداوەکەدا چەندین دوکان زیانییان پێگەیشتووە و سەرجەم دوکانەکانیش جلک و پێداویستییەکانی دیکەی وەک بۆن و جوانکاریی تێدابوو.
تا ئێستا ئەو زیانانە نەخەمڵێندارە کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەوە کەتوونەتەوە.
هاوکات پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو سەردانی شوێنی رووداوەکەی کرد و لە نزیکەوە لە زەرەر و زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەکەی پرسییەوە لەگەڵ خاوەن دوکان و شوێنکارەکان گفتوگۆی کرد.