لە عێراق لە مانگی ئاداری رابردوودا، 100 ملیۆن و 563 ھەزار و 999 بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە کە تێکڕای داھاتەکەی گەیشتووەتە، 11 ملیار و 70 ملیۆن دۆلار.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا پشت بەستن بە ئاماری کۆتایی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO)، بڕ و داھاتی فرۆشی نەوتی بۆ مانگی ئاداری رابردوو بڵاوکردەوە. بە پێی راگەیەندراوەکە، تیکڕای نەوتی ھەناردەکراو لە مانگی ئاداری رابردوودا، 100 ملیۆن و 563 ھەزار و 999 بەرمیل بووە کە تێکڕای داھاتەکەی گەیشتووەتە، 11 ملیار و 70 ملیۆن دۆلار.
دوای ساڵی 1972ـەوە، ئەمە بۆ یەکەمجارە عێراق زۆترین داھاتی لە فرۆشی نەوت دەست دەکەوێت.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەیش کراوە کە لە مانگی ئاداری رابردوودا، بڕی نەوتی ھەناردەکراو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، 99 ملیۆن و 115 ھەزار و 64 بەرمیل بووە و بڕی نەوتی ھەناردەکراو لە کەرکووک لەڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە، گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 448 ھەزار و 935 بەرمیل. رۆژانە تێکڕا سێ ملیۆن و 244 ھەزار بەرمیل ھەناردەکراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، ھەروەھا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە مانگی ئاداری رابردوودا، یەک بەرمیل نەوت تێکڕا بە (110.090) دۆلار فرۆشراوە.