هەرێمی کوردستانی عێراق لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە 152 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردە کردووە.
کۆمپانیای دیلۆیت کە تایبەتە بە وردبینی لە کەرتی نەوت و گاز لە هەرێم نوێترین راپۆرتی خۆی بڵاوکردەوە و تێیدا بڕی فرۆشراوی نەوت و داهاتەکەی لە ساڵی 2021 ئاشکرا کرد.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، کەمترین نرخی نەوت لە چارەکی یەکەمدا بووە کە بە 48.9 دۆلار بووە، زۆرترینیش لە سێ مانگی کۆتایی دابووە کە بە 68.4 دۆلار بووە، کۆی داهاتی نەوتی هەناردەکراو 9 ملیار دۆلار بووە، زیاتر لە 5 ملیار دۆلار خەرجیی نەوت بووە، لەو بڕە 3.115 ملیار دۆلار دراوە بە بەرهەمهێنەرانی نەوت، هەروەها بۆ گواستنەوەی 152.5 ملیۆن بەرمیل نزیکەی یەک ملیار و 305 ملیۆن دۆلار دراوە بە کرێی بۆری. پوختەی داهاتی نەوت نزیکەی 4 ملیار دۆلار بووە، بەو پێیەش حکومەتی هەرێمی کوردستان 44٪ی داهاتی نەوتی بۆ ماوەتەوە.
کەمترین داهاتی حکومەت لە چارەکی یەکەمدا بووە کە بریتییە لە نزیکەی 843 ملیۆن دۆلار و زۆرترینیش لە سێ مانگی سێیەمدا بووە کە یەک ملیار و 133 ملیۆن دۆلار بووە.
بە گوێرەی راپۆرتەکەی دیلۆیت، هەرێمی کوردستان 294 ملیۆن دۆلاری لە بانکێکی لوبنانییە و تاوەکو ئێستاش گلدراوەتەوە و نەهاتووە.