بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، 17 چەکداری داعشیان دەستگیرکردووە و ئاماژە بەوەشکراوە کە تۆمەتباران “تیرۆریستی شانەی نەنوستووی داعشن”.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، چەکدارە دەستگیرکراوەکان لە سلێمانی، چەمچەماڵ، تەکیە و باریکە دەستگیرکراون. دەشڵێت، مەفرەزەی یەکەمی دەستگیراوەکان “پلانیان دانابوو چەند ئەفسەرێکی باڵا لە ھێزی پێشمەرگە و چەند مامۆستایەکی دیاریی ئایینی تیرۆر بکەن”.
ئاسایشی سلێمانی باس لە دەستگیرکردنی حەوت لە تۆمەتبارەکان دەکات و دەڵێت، “حەوت لەو تیرۆریستانە کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەکەونە ژێر کاریگەری فیکری توندڕەوی داعش و بانگەشە بۆ بڵاوکردنەوەی کار و چاڵاکییەکانی تیرۆریستان دەکەن. دوای خۆڕێکخستنیان، سەرەتا پلان دادەنێن بۆ تیرۆرکردنی مامۆستا فاتیح شارستێنی بانگخواز و عەمید سەردار و موقەدەم رزگار حەمەساڵح و بابان تەھا لە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و تەقاندنەوەی چەند بارەگایەکی حیزبی”.