لە راگەیەنراوێکدا، ئاسایشى سلێمانى دەستگیرکردنى پێنج بازرگان و دەڵاڵى راگەیاند کە بەڕێکاری نایاسایی مامەڵەیان بە زەوی و زار و موڵکی گشتییەوە کردووە. دەشڵێت: دەیان لێپرسراو و فەرمانبەری دامەزراوە کارگێڕییەکان و چەندین کەسیش کە وەک بریکار و دەڵاڵی زەوی و زار مامەڵەی نایاساییان راییکردووە.
دەقى راگەیەنراوەکەى ئاسایشى سلێمانى:
بەبڕیاری بەڕێز دادوەر پێنج بازرگان و دەڵاڵ کە بەڕێکاری نایاسایی مامەڵەیان بە زەوی و زار و موڵکی گشتییەوە کردووە دەستگیرکراون، دەیان لێپرسراو و فەرمانبەری دامەزراوە کارگێڕییەکان و چەندین کەسیش کە وەک بریکار و دەڵاڵی زەوی و زار مامەڵەی نایاساییان راییکردووە، لەلایەن دادگاوە بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و لەلایەن ھێزەکانمان رێوشوێنی پێویستی بۆ وەرگیراوە و دەستگیرکردنیان چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. لەچەند رۆژی داھاتووشدا بەردەوام دەبین لەدەستگیرکردنی ھەموو ئەوانەی لەسەر بەرژەوەندی گشتی و مافی خەڵک پۆستەکانیان بۆ کاری نایاسایی قۆستووەتەوە.
بۆ ھەموولایەکیشی روون دەکەینەوە
ئەو کەسانەی بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە پۆست و دەسەڵاتی خۆیان لە فەرمانگە حکومییەکان بۆ کاری نایاسایی و دوور لە رێنماییەکان و رەوشتی بەرزی فەرمانبەری بەکارھێناوە.
لەبەرامبەر رەشوە مامەڵەی خەڵکی تریان تێپەڕاندووە و چەندین دۆسیەی زەوی و زار و موڵکی گشتییان لەدەرەوەی یاسا بەرکارەکانی ھەرێم داگیرکردووە، بەکرێگیراوبوون و لەبەرامبەر بڕە پارەیەکدا ئەو کارانەیان ئەنجامداوە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی
١٩ی ئابی ٢٠٢٢