ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەستگیرکردنی گرووپێکی هەشت کەسی لە شارۆچکەی تەکیەی چەمچەماڵ راگەیاند و ئاماژە بەوەدەکات، “لە 2004ـەوە پەیوەندیان بە رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدەوە کردووە و بەشداربوون لە ئەنجامدانی چەندین کاری تاوانکاری و تیرۆریستی و دواتر بەیعەتیان بە تیرۆریستانی داعش داوە”.
ئەمڕۆ سێشەممە 07-02-2023، ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، ئەو کەسانە “تاقمێکی تیرۆریستین، لە یاسا هەڵاتبوون و لە سنووری قەزای چەمچەماڵ خۆیان حەشاردابوو”.
ئاماژە بەوەش دەدات، “دوای رەزامەندی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لێکۆڵینەوەی لەبارەی ئەم کەیسەوە دەستیپێکرد و بەڵگەی دروست لەسەر پێشینەی تاقمەکە دەستکەوت و بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە رۆژی 05-02-2023 لە چەند هەڵمەتێکی جیاجیادا هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان بە هاوکاری هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی، 8 تۆمەتباری لە یاسا هەڵاتوو کە داواکراوبوون لە دادگاکانی عێراق دەستگیرکران”.